سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: کاوە کەریمیان، چالاکانی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەریوان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێرداوی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاوە کەریمیان، یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی خەڵکی و ئەندامی ئەنجوومەنی “سەوزی چیا”ـی مەریوان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە، بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێراوی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە مەریوان دەسبەسەرکرا و پاشان ڕۆژی شەممە ٢٢ی مانگی ڕەزبەری هەمانساڵ بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی  تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا و هەروەها کاوە کەریمیان یەکێک لەو٣٤ ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیای مەریوانە کە چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڵیکوتایە سەر شوێنی کۆبوونەوەکەیان و بەشێوەیەکی دڕيندانە دەسبەسەری کردن.