ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی ٥٩س کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

شایانی باسە کە جیا لەو کەسانەی دەسبەسەر کراون دەیان کەس لە چالاکانی ژینگەیی وکرێکاری و چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان و ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی گوشارخستنەسەریان بۆ بەشداری نەکردن لە بۆنەکانی نەورۆزی کوردەواری بانگهێشت ولێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی دا، ٥ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٣ ساڵ و ٢ مانگ بەند کردنی تەعزیری ١٠ ملیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون. هەروەها یەکێک لەو سزادراوانە کە ئێستا لە بەندیخانەیە بۆ ماوەی ٦ مانگ لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە. پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە.