پەیامی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان

ئەمڕۆ ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی، هاوکاتە لەگەڵ یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران. هەشتا ساڵ لەمەوبەر یەکیەتیی ژنان لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان دامەزرا.

گەر بمانەوێ لە گرینگیی ئەم هەوڵە کەم‌وێنەیە تێ‌بگەین، پێویستە بچینە ئەو بەستێنە مێژووییەی ئەو سەردەمە، سەردەمێک کەوا کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و توێژی ژن بەتایبەتی لەوپەڕی بێ‌بەشی و نەخوێندەواری‌دا بوون و لە زۆر ڕووەوە ژنان لەژێر ستەمی سیستمی پیاوسالاری کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی‌دا دەچەوسانەوە، لە زۆریەک لە وڵاتانی جیهان ژنان لەو سەردەمەدا مافی دەنگ‌دانیان نەبوو و تەنانەت لە بنەڕەتیترین مافەکانیشیان بێ‌بەش بوون. ئاوڕدانەوە لە پرسی ژنان و دامەزرانی ڕێکخراوی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ وردبینی و بەمشووریی ڕێبەرانی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان لە سەرووی هەمووشیانەوە پێشەوا قازی محەممەد، کە هەستیان بە گرینگیی پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا کرد و ژنانیان هان دا بۆ ئەوەی خۆیان بێنە مەیدانی چالاکیی سیاسی و مەدەنی و خۆیان داواکار و پارێزەری مافەکانیان بن و چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن.

لە ئەمڕۆدا کەوا دەبینین لە کۆمەڵگەی کوردستان ژنان لە زۆر ڕووەوە ڕۆڵی هەرە پێشکەوتووانە و پێشەنگانە دەگێڕن و لە هیچ چالاکییەکی مەدەنی و سیاسی‌دا جێیان بەتاڵ نییە، لە ڕاپەڕینی ژینا لەژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی‌دا دەوری بەرچاو دەگێڕن، لە ژینگەپارێزی و بەڕێوەبردنی کلاسی تایبەت بە زمانی کوردی و زۆربەی ڕەهەندە کولتوورییەکانی دیکەش‌دا بوونێکی شایانی سەرنجیان هەیە؛ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پاشخانێکی هزری و کرداریی بەهێزیان هەیە و لەم نێوەدا ڕۆڵی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە وەئاگاهێنانەوەی ژنانی کورد لەم هەشت دەیەی ڕابردوودا جێی سەرنج و شانازی پێکردنە.

لێرەدایە گرینگیی کاری ڕێکخراوەییمان بۆ دەردەکەوێ کەوا دەبینین کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پاشخانێکی هەشتا ساڵە لە خەبات، لە هەموو پوتانسیەلەکانی خەبات و توانای هەموو چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگەیە کەڵکی وەرگرتووە و هاوکات خەباتێکی فرەڕەهەندی بردووەتە پێش؛ بۆیە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران و ناوچەدا یەکێک لە بەهێزترین و بەڕێکخراوترین و زیندووترین کۆمەڵگەکانە.

ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە  گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکیەتیی ژنان و هەموو ژنانی کوردستان دەکات و هیوا دەخوازین سەرەکیترین ئامانجەکانیان کە بەختیاریی کۆمەڵی کوردەواری و یەکسانیی ڕەگەزییە بێتە دی.

ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*