چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵكی سنە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: قانع خاتری، چالاکوانی مەدەنیی خەڵكی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، قانع خاتری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٨مانگ بەندکردن لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە  بەسەرۆکایەتی قازی “مستەفا عەزیزی” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیمی ئێران، سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش زیاتر لە ٢٠ڕۆژ ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.