دەسبەسەرکردنی چالاکێکی کرێکاری کورد لە کەرەج لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سەعید یووزی، چالاکی کرێکاری خەڵکی کامێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە کەرەج دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” سەعید یووزی، چالاکی کرێکاری خەڵکی گوندی “وێزیەر”ـی سەربە شاری کامێران و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی بەدواداچوونی دروستکردنی دامەزراوە کرێکارییەکانی دانیشتووی شاری کەرەج، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. سەعید یووزی، جارێکی دیکەش لە کۆتایییەکانی مانگی  ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری سنە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٣ی بانەمەڕی هەمانساڵ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرابوو و هەروەها پاش دەسبەسەرکردن تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.