هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی پێنج هاووڵاتیی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سزای سێدارەی پێنج دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا لە بۆکان بەناوەکانی ” پژمان سوڵتانی، ڕزگار بەیگزادەبابامیری، عەلی قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمیی‌بابامیری” لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە هەڵوەشایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، سزای لەسێدارەدانی پژمان سوڵتانی، ڕزگار بەیگزادەبابامیری، عەلی قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور سەلیمیی‌بابامیری، پێنج هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەیان بە مەبەستی تاوتوێی دووبارە ڕادەستی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری مەهاباد کرا.

ئەو بەندکراونە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری ورمێ، سەرجەم سزای ١١جار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو و دۆسیەی پژمان سوڵتانی و ڕزگار بەیگزادە‌بابامیری، بەتۆمەتی ئاگاداربوون لە کوشتنی بەئەنقەست، بە کوشتنەوە  و ۱۵ ساڵ بەندکردن و سۆران قاسمی بە ۱۰ ساڵ و ۱ ڕۆژ بەندکردن سزا درابوون، هەروەها لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ، به سەرۆکایەتی قازی “ڕەزا نەجەف‌زادە” ئەو پێنج هاووڵاتییەی خەڵکی بۆکانی بەتۆمەتی محاربە و بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەی ڕێژیم، سزای سێدارە و بەندکردنی درێژەماوەی بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە سۆران قاسمی، کاوه ساڵحی و پژمان سوڵتانی، هەرکامیان سزای سێجار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو و ڕزگار بابامیری‌ش سزای دووجار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو و تەیفوور سەلیمی‌بابامیری کە پێشتر بە دانانی بارمتەی ۵ میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو، بە یەک جار لەسێدارەدان سزا درابوو.