دوو برای خەڵکی سنە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: ئیبراهیم و مورتەزا محەممەدی، دوو برای خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیکی دڕەندانە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، مورتەزا محەممەدی، کە یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە، دوای ئەوەیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە تەقە لە ماڵەکەی کرا، بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و ئیبراهیم محەممەدی براشی بە مەبەسەتی بەدواداچوونی دۆسیەکەی سەردانی دادگای کردووە ئەویش لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە.

هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە سنە، بە تەقەکردن هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو برایە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندوون و مورتەزایان لەگەڵ خۆیان بردووە و ئیبراهیم بە مەبەسەتی ئاگادارابوون لە دۆخی براکەی سەردانی دادگای ڕێژیمی لەو شارە کردووە و ئەویش هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو برایە لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هێزە سەرکوتکەرانە دەستیان بەسەر مۆبایل سەرجەم ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەدا گرتووە و لە کاتی پشکنین و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان بە کامێرای مۆبایل ڤیدیۆیان تۆمار کردووە.