سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئومێد فەلاحی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئومێد فەلاحی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان کە پێشتر لەلایان هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە مەریوان، سزای ٣مانگ بەنکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ئومێد فەلاحی تەمەن ٢٠ساڵ، کە سزای سێ مانگی بەسەردا سەپێندراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە و هەروەها ناوبراو لە ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرابوو و دواتر تاکاتی دادگایی‌کردنەکەی بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.