خۆڕاگری: حەمید و فەرید عینایەتی، دوو برای خەڵكی کرماشان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، حەمید عینایەتی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و بەرپرسی لیژنەی شاخەوانی شاری پاوە لەگەڵ براکەی، فەرید عینایەتی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەو دوو برایە لەلایەن ڕێژیمەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵکەشیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەیان نەداوە.