
خۆڕاگری: مەحمود قەنبەریوەند و عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت و سابیر ئیسماعیلی، سێ بەندکراوی شۆڕشی ژینای خەڵکی پیرانشارلە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، تەمەن ٥١ ساڵان و مەحمود قەنبەریوەند تەمەن ٤٨ ساڵان دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت و هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، بە گۆڕینی سزای بەندکردنەکەیان بۆ “ڕای باز” لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە ئازاد کران و هاوکات سابیر ئیسماعیلی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕکردنی ٩ مانگ بەندکردن بە گۆڕینی بەندکردنەکەی بۆ “ڕای باز” لەهەمان بەندیخانەیە ئازاد کرا.
سابیر ئیسماعیلی، پێشتر لەلایەن لقی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی “ئوجاقلوو” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ٤ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
مەحموود و عەبدوڵڵا قەندەبریوەند، پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ٣ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی تێلدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکردن و هەرکامیان سەرجەم سزای شەش ساڵ و ٧مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٧مانگ بەندکردنیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و یەک لەسەر سێی ئەو سزایە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵپەسێردراوە.