هێزەکانی کۆماری ئیسلامی مێرمنداڵێکی خەڵکی مەهابادیان دەسبەسەر کرد

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “موبین شێخەپوور” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ورمێ بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، موبین شێخەپوور، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی گوندی “قومقەڵا”ـی سەربە شاری مەهاباد، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ بانگ کراوە و بێ هیچ هۆکارێک هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە.

ئەو مێرمنداڵە لە دوای دەسبەسەرکردنییەوە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری بانگکردن، دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.