دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕەبەت بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن

خۆڕاگری: لاوێکی خەڵکی ڕەبەت بەناوی “ئارمان تەوبەکار” یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژیان، بۆ جێبەجێکردنی سزای یەکساڵ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئارمان تەوبەکار، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “ڕەبەت”ـی سەربە شاری سەردەشت و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، پاش ئەوەیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە، هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای یەکسال بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد گوازرایەوە.

ناوبراو لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا و هەروەها لە مانگی خەزەڵوەری هەمانساڵ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لە سەردەشت بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە کەمکراوە بۆ یەکساڵ بەندکردن.