خۆڕاگری: ستار کیانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان زیاتر لە حەفتەیەکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ستار کیانی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “تازاوای سۆفی بلە”ـی سەربە شاری مەریوان سەرەڕای ئەوەیکە نزیکەی ١٠ڕۆژ تێدەپەڕێ بەسەر دەسبەسەرکردنیا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، تائێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیشی نادیارە.
بنەماڵەی کیانی بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی کوڕەکەیان چەند جارێک سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامییان لە سنە و مەریوان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتووە و هەوڵ و بەدواداچوونەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەو بنەماڵەیە.
جێێ ئاماژەیە کە، ستار کیانی ڕۆژی شەممە، ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەریوان دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.