سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر سێ چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە

خۆڕاگری: سێ چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بە ناوەکانی “کەماڵ کەریمی، خەبات مەحموودی و شادمان عەبدی”، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، سزای ٦٣ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕگری” لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بە سەرۆکایەتی قازی “سەعیدی” سزای ٩ مانگ بەندکردنی بە تۆمەتی ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی بەسەر “کەماڵ کەریمی”، سزای ١٨ مانگ بەندکردن بەتۆمەتی کۆبوونەوە و پلانگێڕی لەدژی ئاسایشی نێوخۆیی و دەرەوەی وڵات بەسەر “خەبات مەحموودی” و سزای سێ ساڵ بەندکردنی بە تۆمەتی پێکهێنانی گروپی نایاسایی لە ئێراندا بەسەر شادمان عەبدیدا سەپاند.
کەماڵ کەریمی، خەبات مەحموودی و شادمان عەبدی، لە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرابوون و هەروەها ئەو چالاکە کرێکارییانە لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەدانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی هەتا تەواوبوونی ماوەی دادگاییکردنیان لەبەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکرابوون.