پارێزەرێکی کوردی دەسبەسەرکراوی خەڵكی خۆراسان بەپێبەندی ئەلیکترۆنیکی ئازاد کرا

خۆڕاگری: جەواد عەلیکوردی، پارێزەری کوردی خەڵكی پارێزگای خۆراسان، پاش پێنج مانگ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بەپێبەندی ئەلیکترۆنیکی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، جەواد عەلیکوردی، پاریزەری کوردی دانیشتووی شاری “مەشهەد”ـی سەربە پارێزگای خۆراسان، پاش ٥مانگ دەسبەسەربوون، بەشێوەی مەرجدار و بەپێبەندی ئەلیکترۆنیکی، لە بەندیخانەی ناوەندی “وەکیل‌ئاباد”ـی مەشهەد ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستاش کە بەپێبەندی ئەلیکترۆنیکی ئازاد کراوە، چارەنووسی ناڕوونە.