دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: حوسێن مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، حوسێن مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گەرگوول”ـی خوارێی سەربە شاری پیرانشار، لەلایەن ‌هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەی، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

حوسێن مەحموودپوور، پێشتر لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفوونییەوە چەند جارێک ئاگادار کراوەتەوە کە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار بکا، بەڵام ناوبراو جوابی نەداونەتەوە و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.