هاووڵاتییەکی خەڵکی پاوە بە شێوەیەکی دڕەندانە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: فرمێسک بابایی، خەڵکی شاری پاوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە بەرەبەری نزیک بوونەوەی ساڵیادی دەرکرانی فەرمانی جیهاد لە دژی خەڵکی کوردستان، فرمێسک بابایی خەڵکی شاری پاوە، لەدژی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ساڵیادی دەرکرانی فەتوای جیهاد لە دژی خەڵکی کوردستان لە هۆڵی تاقیکردنەوەکانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەو شارە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و بەشێوەیەکی دڕەنەدانە و بێڕێزی‌ پێ‌کردن و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر لەلایەن هێزەکانی داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکرا.

ئیحسان عەزیمی، بەکرێگیراوی ئیتلاعاتی سپای وەحدەتی ڕێژیم، سەلام دشەیی، کارمەندی گومروکی ڕێژیم و هێمن عەباسی، ئەندامی خۆجێی ئیدارەی ئیتلاعاتت ڕێژیم لە پاوە، لەو کەسانە بوون کە بەشداربوون لە دەسبەسەرکردن و بێرێزیکردن بە فرمێسک بابایی.

شایانی باسە کە، ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵیادی فەتوای جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی کوردستانە، کە دوای ئەو بڕیارە، هەزاران کەس لە چوارچێوەی گرووپی چەکداری ئەرتەش، سپا و هێزە خۆبەخشەکان لەگەڵ هێزی ئاسمانیی و هێزی پشتیوانی چەکی قورس و تۆپخانە هێرشییان کردە سەر کوردستان و دەستیانکرد بە کۆمەڵکوژکردنی مەدەنی.