ڕاپۆرتی شیکاریی “خۆڕاگری” سەبارەت بە شەپۆلی دەسبەسەرکردنی بەندکراوانی سیاسیی پێشووی کورد

ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، لەسەر بنەمای بەدواداچوونە مەیدانییەکان، ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی بەندکراوانی سیاسیی پێشووی کورد لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو دەکاتەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات لە هەمبەر ئەو زەبر و زەنگانە بێدەنگ نەبن، چونکە ئەم کردەوانە لە دەرەوەی چاوەدێریی ڕای گشتی، مەترسیی کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی خۆڕاگری، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە کوردستان بە گشتی و شاری بۆکان بەتایبەتی، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستیان بە گەڕانێکی سیستماتیک و “ماڵ بە ماڵ” بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە کردووە کە پێشتر بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە ئەزموونی زیندانیبوونیان هەبووە و ئەم ڕەوتە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆخێکی هەستیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت، دەکرێت ئەم هەڵمەتە لە سێ ڕەهەندەوە لێک بدرێتەوە:

سیاسەتی دڵەڕاوکێ و چاوترساندن؛ هەڵکوتانە سەر ماڵان، پەیامێکی ڕاشکاوانەیە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان، بەو ئامانجەی کە فەزای ترس زاڵ بکەن و ڕێگری لە هەر جۆرە جووڵەیەکی مەدەنی یان سیاسی بکەن، ئەمە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی گیانی پێکەوەیی و خۆڕاگریی مەدەنی لە ناوچەکەدا.

لێکۆڵینەوە و گوشاری ئەمنی؛ ئامانجی سەرەکیی ئەم دەسبەسەرکردنانە، کۆکردنەوەی زانیاریی ناڕاستەقینە و دروستکردنی گوشاری دەروونییە لەسەر چالاکوانان، دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەیانەوێت بە گۆشەگیرکردنی ئەم کەسانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بپچڕێنن.

شاری بۆکان وەک ناوەندێکی گرنگی فەرهەنگی و سیاسی، بەهۆی پتەویی پەیوەندیی نێوان چالاکوانانی پێشوو و نەوەی نوێ، بووەتە ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕەوتە، کە ئەمەش نیشانەی نیگەرانیی قووڵی دەسەڵاتە لە جووڵەی کۆمەڵایەتی و ویستی گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا.

شایانی باسە کە، پێویستە بنەماڵەکان و چالاکوانانی مەدەنی بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و وردەکاریی دەسبەسەرکردنەکان (کات، شوێن، هێزی سەرکوتکەر) بۆ بەڵگەهێنانەوە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار بکەن، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نیگەرانییەوە داوا لە ڕێکخراوە مەدەنییە جیهانییەکان دەکات کە بە جیدییەوە بڕواننە بارودۆخی دەسبەسەرکراوان و بەندکراوانی سیاسیی لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت دیوارەکان و بەهۆی سنووردارکردنی هێڵی ئینتەرنێتەوە دەیەوێت دەنگی ناڕەزایەتییەکان کپ بکات، ئێمە داواکارین هەموو لایەک ببنە دەنگی بەندکراوانی سیاسیی کورد و ڕێگری بکەن لە دروستبوونی کارەساتی گەورەتر.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*