
خۆڕاگری: دوو هاوسەری خەڵکی کرماشان بەناوەکانی ” ئێحسان خەزایی و نێدا کارگەر” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ۲۳ی پووشپەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئێحسان خەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و نێدا کارگەری هاوسەری، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی درەندانە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەو دوو هاوسەرە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بێڕێزیان پێکراوە و کردەوەی توندوتیژییان بەکار هێناوە و لە کۆتاییدا دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێسستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.