سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: بنیامین ڕەحیم‌پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بنیامین ڕەحیم‌پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگ”ـی سەربە شاری سنە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت و هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارەکەی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و هەروەها بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە سنە و پاش ٢٠ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.