هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: خۆشناو عەینی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، خۆشناو عەینی، خەڵکی گوندی “سینگان”ـی سەربە شاری شنۆ دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شنۆ، هەرلەوێ دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی کە ٢ساڵ بەندکردنە، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە.

سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، خۆشناو عەینی لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە شنۆ بە سەرۆکایەتی قازی “مەهدی ڕەزایی”، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ٢ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاشان ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژی هەمانساڵ، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی  تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.