یەکێک لە بەڕێوەبەرانی نەورۆزی ئیلام لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: موحسین ئەحمەدی، مامۆستای قوتابخانە و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی نەورۆزی شارۆچکەی “کارەزان”ـی ئیلام لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی،  موحسین ئەحمەدی، مامۆستای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنان و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارۆچکەی “کارەزان”ـی سەربە شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ بوونی هێج بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و وێڕای تێپەڕاندنی ٤ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە وهەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.