دەسبەسەرکردنی چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد غەفوورینژاد، خەڵکی سەقز، سامان خالیدیان، خەڵکی دیواندەرە، هاوڕێ خاڕەزم شنۆ و مێهدی فەیزی، قوروە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سامان خالیدیان، خەڵکی گوندی “نسارە”ـی سەربە شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەد غەفورینژاد، خەڵکی شاری سەقز، لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە ماشێنەکەی ڕاگیراە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

هەروەها لە درێژەی دەسبەسەرکردنەکاندا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانان، هاوڕێ خاڕەزم خەڵکی گوندی “خانلەر”ـی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ساڵی ڕابردووش جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هەمانڕۆژ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مێهدی فەیزی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە و دەسبەسەریان کردووە.

شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.