دەسبەسەرکردنی دوو ژنی چالاکی خەڵکی کرماشان و سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: پەریسا محەممەدی و گەلاوێژ تەهماسبی، خەڵکی کرماشان و سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، پەریسا محەممەدی، شاخەوانی خەڵکی شاری کرماشان لە شەقامی ٣٠میتری ئەو شارە بەشێوەیەکی دڕەندانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

هاوکات لەو ڕۆژەدا، گەلاوێژ تەهماسبی، چالاکی ژینگەپارێز و شاخەوانی خەڵکی شاری سنە دوای ئەوەیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە بانگکرا و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و هەروەها لە ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا جارێکی دیکەش دەسبەسەر و بۆ ماوەی ١٥ڕۆژ لە گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم مابۆوە.

شایانی باسە کە، تائێستا بێجگە لە هەواڵی دەسبەسەرکردنی ئەو ژنە چالاکە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.