دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: بێهرووز گوڵنەما، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزێکی چەکداری ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماشێنی بێهرووز گوڵنەما، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم سەرەڕای دەسبەسەرکردنی بێهرووز گوڵنەما، دەستیان بەسەر ماشێنەکەشیدا گرتووە و هەروەها پاش ئەوەی ناوبراویان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفاندووە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.