پەیامی هاوبەشی چەند ڕێکخراوی جەماوەری و مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەگەڕخستنی دۆسیەی تیرۆری دوکتور قاسملوو

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
ژنان، لاوان، خوێندکارانی نیشتمانپەروەر و ڕزگاریخواز!
بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی و داکۆکیکاران لە مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران!

٣٥ ساڵ پێش ئێستە، ڕێبەری زانا و دێموکراسیخوازی نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوەکانی ئێران ــ شەهید دوکتور قاسملووــ لە ڕاستای پرۆسەی ئاشتەوایی و دێموکراتیکدا لەگەڵ بەناو دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە لە ڕاستیدا تیرۆریست بوون، هەوڵەکانی خۆی بە مەبەستی چارەسەریی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەگەڕ خست. کەچی ئەم دیپلۆمات تیرۆریستانە کە بەنیاز نەبوون پرسی کورد لە ئێراندا چارەسەر بکرێت و بە تێگەیشتنی خۆیان بە سڕینەوە و کوشتنی دوکتور قاسملوو دەتوانن کۆتاییی بە دۆزی کورد لە ئێراندا بهێنن، بۆیە لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە پێتەختی ئۆتریش (ڤییەن) و لە نێودڵی ئورووپای دێموکراتدا، ئەم ڕێبەرە زانا و ئاشتیخوازەیان لە کاتی وتووێژ و لەسەر مێزی دانوستاندا تیرۆر کرد. پاش بەڕێوەبردنی ئەم جینایەتە نێودەوڵەتییە بەداخەوە دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی وڵاتی ئۆتریش بەهۆی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی و ساتوسەودایان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییەیان بە شێوەیەکی یاسایی و بە ئێسکۆرتەوە بۆ تاران گواستەوە. کارەساتبارتر لەوە دۆسیەی شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو کە بەشێکی بەرچاو لە نووسەران و سیاسەتوانەکانی ئورووپا وەکوو هێمای دێموکراسیخوازی ناویان هێناوە، پاش ٣٥ ساڵ هێشتا لە بێدەنگی و بێوڵامی ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ ئەم پێڕاگەیشتن و بەدواداچوون بەم جینایەت و ساتوسەودا نێودەوڵەتییە هەڵنەگیراوە.
لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی ئاشتی، کە ڕێکخراوێکی بێلایەنە و کار لەسەر پرۆژەی سەقامگیریی دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرنی پارلەمان و کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتی سویس بابەتی تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و بێدەنگیی وڵاتانی ئورووپایی و هاوکاریی وڵاتی ئۆتریش لەگەڵ ڕێژیمی تیرۆریستپەروەری ئێرانی خستووەتە بەرباس و لەلایەن ئەو کەسایەتییە سیاسییانەوە بە مەرجی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئەم دۆسییە بەڵێنیی وەگەڕخستن و هەنگاوی جیدی لە ئاستی پارلەمانی سویس دراوە.

بۆیە وەکوو چەند ڕێکخراوی جەماوەری و مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە سەرجەم دڵسۆزانی نیشتمان و ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران دەکەین، لەم ئەرکە مرۆیی و ئازادیخوازییەدا بەشداری بکەن و بە واژۆکردنی ئەم داخوازییە ڕووی ڕاستەقینەی تێرۆریستپەروەریی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بە دنیا بناسێنن و هاوشێوەی دادگای میکۆنۆس جارێکی تر دەسەڵاتدارانی ئێران شەرمەزار بکرێن.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ی کوردی
٢ی ژوئنی ٢٠٢٤ی زایینی

https://act.campax.org/petitions/gerechtigkeit-fur-dr-abdulrahman-ghassemlou