دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: ئیدریس حاجی‌ڕەسووڵپوور و هێمن ئیبراهیم‌حەمزە، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بەدانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدریس حاجی‌ڕوسووڵپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان و هێمن ئیراهیم‌حەمزە، خەڵکی گوندی “قەرەگۆل”ـی سەربەو شارە، بە دانانی بارمتەی قورس  و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و دواتر گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان لە بەردەستدا نییە.