هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز سزای بەندکردن و دوور خستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ئەیویب جەوانپوور، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا، کە ماوەی شەش مانگ دەسبەسەر بووە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە بە کۆی گشتی سزای چوار ساڵ بەندکردن و پانزە مانگ دوورخستەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی هەینی، ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز و یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانە سەرناسەرییەکانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “جەواد مستەفایی” بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی، سزای یەک ساڵ بەندکردن و ١٥ مانگ دوورخستنەوە لە زێدی خۆی بۆ شاری “باوی” لە پارێزگای خووزستانی بەسەردا سەپێندراوە.

پێشتر لە پەروەندەیەکی دیکەدا، دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە سەقز، بەتۆمەتی ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی گرووپی زیاتر لە دوو کەسی بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی و سووکایەتیکردن بە خومەینی و خامنەیی، سزای ١٧ساڵ بەندکردنی بەسەر ناوبراودا سەپاندبوو، بەڵام لەسەر داخوازی خۆی کە تانەی لە بڕیارەکە دابوو، سزاکەی بۆ ٣ساڵ بەندکردن کەم کرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەیووب جەوانپوور ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کراوە و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گوازەاوەتەوە.