سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: حەسەن مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینیی، ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، حەسەن مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

حەسەن مەردانی، رۆژی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی  دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری هەمانساڵ، کە نزیکەی ٢مانگ ڕاگیرابوو، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا.