هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نەغەدە بەهۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

خۆڕاگری: عوسمان قادری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نەغەدە، بەهۆی ئەوەیکە لە بەندیخانە ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دراوە، بۆ چارەسەری پزیشیکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، عوسمان قادری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری نەغەدە کە نزیکەی ٢٠ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لە گرتنگەکانی ڕێژیم ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دراوە و بەوهۆیەوە تەندروستی تێک چووە و ڕەوانەی نەخۆشانەی نەغەدە کراوە و لەوێشەوە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو بەندیخانەیەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەشکەنجە دراوە و بەوهۆیەوە دۆخی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی تێک چووە و بەپەلە هەیاندوویانەتە یەکێک لە نەخۆشانەکانی ئەو شارە و لەوێشەوە بە مەبەسەتی چارەسەری پزیشکی بەشێوەی کاتیی بە دانانی بارمەی ٥٠٠ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

عوسمان قادری ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گواستوویانەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و هەروەها پاش ماوەیەک لەوێوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە.

جێی ئاماژەیە کە ناوبراو نزیکەی ٢٠ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ دەسبەسەر بووە و لەوێ بەشێوەیەکی دڕەندانە ئازار و ئەشکەنجە دراوە و چەندجارێک بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە تەندروستی جەستەیی و دەروونی تێک چووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی “عارفیان”ـی ئەو شارە کراوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.