
خۆڕاگری: ڕێبوار ئەرژەنگی و حەمید سەعیدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، لەلایەن چەکدارانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە شاری “ئامۆل”ـی مازەندەران دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕێبوار ئەرژەنگی و حەمید سەعیدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری “ئامۆل”ـی سەربە پارێزگای مازەنداران، دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردنیان تەنیا دەرفەتی ئەوەیان پێدراوە کە لەڕێگەی تەلەفوونەوە دەسبەسەربوونی خۆیان بە بنەماڵەکانیان ڕابەگەیەنن و ئیدی دوای ئەو پەیوەندە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.