دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: مەسعوود خزری و ئەبووبەکر خاتەمی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شنۆ پاش نزیکەی مانگێک ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، مەسعوود خزری و ئەبووبەکر خاتەمی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ، پاش نزیکەی یەک مانگ دەسبەسەربوون، هەریەکەو بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی ٢٥ و ٢٦ی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکانیان، بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کرابوون و هۆکاری دەسبەسەربوونەکەشیان ئەوە بوو کە بەشداریان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا کردبوو.