بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی مەهاباد پاش تێپەڕاندنی ٧ساڵ بەندکردن ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو، پاش تێپەڕاندنی ٧ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، سزای بەندکردنی هەتاهەتایی ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٥٠ ساڵانی خەڵکی شاری مەهاباد، بە بڕیاری لەناکاوی داواکاری نیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران و بەبێ زانیاریی پێشوەختە ڕاگیراوە و ئەو بەندکراوە سیاسییە دوای ڕاگەیاندنی بە بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ساڵی رابردوو،  دوای ٥ساڵ و ١٠ مانگ و ١٩ ڕۆژ بەندکردنی بەردەوام، بۆ ماوەیەکی کورت مافی مەرەخەسی پێدرابوو و پێشتر بەهۆی نەخۆشیی چاوی بۆ بنکەی تەندروستی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرابۆوە و لەو کاتەوە بەهۆی لێدانی دەرزییەکی نەناسراو، ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی چاوی خراپتر دەبێت.

شایانی باسە کە، ئەرسەلان خودکام مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٣٢ی دادگای سەربازیی کۆماری ئیسلامییەوە لە ورمێ، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بەپشتبەستن بە ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون بە یەک پلە داشکاندن بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ئەو سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی،   بەشێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا.