ماوەی سزای بەندکردنی خەبات وەیسی، خوێندکاری ناڕازی، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە زیاد کراوە

خۆڕاگری: سزای بەندکردنی خەبات وەیسی، لە دەسبەسەرکراوان و بریندارانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمی ئێران لە سنە و بە گوشار و پەروەندەسازی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەریوان لە ١٥ مانگ بەندکردنەوە بۆ ٤٣ مانگ زیاد کراوە.

ڕۆژی هەینی، ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە سنە، بە سەرۆکایەتیی قازی “مێهری و ئاقایی” لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی ٣پەروەندەی دەسبەسەرکردن، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە مەریوان و ڕەوانەکردنی بۆ دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە سنە، سزای بەندکردنی خەبات وەیسی، برینداری شۆڕشی ژینا، لە ١٥ مانگەوە بۆ ٤٣ مانگ بەندکردن زیادی کرد.

ناوبراو لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەریوان لە پێوەندی لەگەڵ پەروەندەی یەکەمی خۆی، بە ١٥ مانگ بەندکرن و لە پەروەندەی دووهەمدا بە دەسبەسەرکردن بۆ ماوەی ٢٢ مانگ سزا دراوە، بەڵام قازی بەهۆی ئەوەیکە لاوێکی کەم تەمەنە بەبێتاوانی ناساندووە، بەڵام بە گوشار و پەروەندەسازیی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەریوان هەموو ئەو دەسبەسەرکردنانە لە دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە سنەدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و لە کۆتاییدا بووەهۆی دەرچوونی سزای ٤٣ مانگ بەندکردن بۆ خەبات وەیسی.