بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی دەسبەسەر کراوی کوردی خەڵکی بیجار “ماشاڵا کەرەمی” لە لایەن دادگای شوڕشی شاری کەرەج بە تۆمەتی پرۆپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی سزای ١ ساڵ و کۆبوونەوە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی ٥ ساڵ و لەسەر یەک ٦ ساڵ بەندکرانی تەعزیری بەسەر دا سەپاند.
ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەموو کەلوپەلەکانی داگرت.
ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لە گرتنگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ڕاگوێزرا ناوبراو پاش سێ مانگ دەسبەسەرکران لەقەرەنتینە بۆ بەندی ١٥ی ئەم بەندیخانەیە گوازرایەوە.