خۆڕاگری: یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، یاسر ئەدوایی و سەلمان ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە ژمارەیەک چەکداری ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.
