خۆڕاگری: هاشم ساعدی، باوکی سارینا ساعدی، مێرمنداڵێک کە لە درێژەی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی سنە گیانی لەدەستدا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیمەوە سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هاشم ساعدی، خەڵکی شاری سنە و ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکانی کوردستانە کە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە شاری بۆکان، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی، سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٤٠زەربە قامچیی بەسەردا سەپاوە.
ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لەو بنەماڵانەی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان کە ڕۆڵەکانیان لەلایەن ڕێژیمەوە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لە دەستدابوو، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری بۆکان گواسترانەوە.
جێی ئاماژەیە کە، هاشم ساعدی لە کاتی دەسبەسەربوونیدا، لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.