بەندکراوێکی ئایینیی کورد بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارە گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی

خۆڕاگری: کامران شێخە، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ و دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، کامران شێخە، بەندکراوی ئایینیی  خەڵکی شاری مەهاباد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و لە ماوەکانی ڕابردوودا هاودۆسییەکانی ناوبراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بنەماڵەی “کامران شێخە”ـیان ئاگادار کردۆتەوە کە تا ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژ، ڕەزامەندی لە بنەماڵەی “عەبدولڕەحیم تینا” کاتیان هەیە و لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی ئەو بنەماڵەیە، سزای سێدارەی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لەناکاو لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەجەوە  گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی  شاری مەهاباد و هەروەها ناوبراو لەگەڵ شەش هاودۆسیەی دیکەی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی کوژرانی “عەبدولڕەحیم تینا” خەڵکی گوندی “لج”ـی سەربە شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “مەقیسە” بەتۆمەتی وەکوو کردەوەی دژبە ئاسایشی گشتی، پڕوپاگەندەی دژبە حکوومەت، ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان و افساد فی الأرض، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، ئەو سزایە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی،  لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “ڕازینی” ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران گەڕێندرایەوە و لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی،  ئەو ٧کەسە بەتۆمەتی افساد فی الأرض جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “ئەبولقاسم سەڵەواتی”، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرایەوە.