خۆڕاگری: ئەمیر جەهانگیری، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، دوو حەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەمیر جەهانگیری، هاووڵاتیی تەمەن ٣١ ساڵانی خەڵکی گوندی “قەڵای سەردار”ـی سەربە بەشی نازلووی ورمێ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستاش چارەنووسی نادیارە.
هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە و هەموو دەرگا و پەنجەرەی ئەو ماڵەیان شکاندووە کە لەحاڵێکدا هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاساییان پێ نەبووە و هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە بەسەر ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە، تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.