ژنە بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و  بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕایگەیاند: پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی “ئێڤین”ـی تاران و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە تاران بە سەرۆکایەتیی قازی “ئیمان ئەفشاری” بەتۆمەتی “بەغی” ئەندامبوون لە لایەنە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران،  سزای سێدارە و بەتۆمەتی ئەندامەبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٤ ساڵ بەندکردنی  بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، بە بڕیاری دادگای کۆماری ئیسلامی بە پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندرا کە ئەو بەندکراوە سیاسییە سزای لە سیدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر “پەخشان عەزیزی” لەکاتێكدایە کە ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەسبەسەرکردنی، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و دادگاییکردنی پەروەندەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە.

جێێ ئاماژەیە کە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی “خەرازی”ـی سەربە شاری تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەروەها  ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گوازرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین سەبارەت بە لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەسبەسەر کرا و لە ئاکامدا ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی هەمانساڵ، دوای ٤ مانگ بەندکردن بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.