خۆڕاگری: عەزیزە مرادیان، بەندکراوی خەڵکی سنە کە مانگێک لەمەوبەر دەسبەسەر کرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتییدەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسی، مانی لەخواردن گرتووە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ۱ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی ” ۲۱ی دێسامبری ۲۰۲٥ی زایینی” عەزیزە مرادیان، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی تەنگیسەری سەربەر شاری سنە و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە، بەنیشانەی ناڕەزایەتییدەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسی و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی بەندیخانە بە داواکارییەکانی، مانی لەخواردن گرتووە و ئەوەش دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ۱۰سەرماوەزی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی کە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوەو بەتەواوی شوێنی کارەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
