خۆڕاگری: گەلاوێژ محەممەدیئەرشەد، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد بە مەبەستی جەجێکردنی سزای ٤مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: گەلاوێژ محەممەدیئەرشەد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم، سزای ٤مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ژنانی ورمێ کراوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٤ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٦ی مانگی خەرمانانی هەمانساڵ، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.