دەسبەسەرکردنی دوو مامۆستای ئایینی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە لە بۆکان

خۆڕاگری: حەسەن ئەمینی و مەحیەدین محەممەدزادە، دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی سەقز، لەلایەن ڕێژیمەوە لە شاری بۆکان دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا حەسەن ئەمینی، خەڵکی سەقز و پێشنوێژی گوندی “مەلالەر” و مامۆستا مەحیەدین محەممەدزادە، خەڵکی سەقز و  پێشنوێژی گوندی “نۆبار”ـی سەربە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر گوازراونەتە بۆ شوێنێکی نادیار.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو مامۆستا ئایینە لەلایەن چەکدارانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە بۆکان، بنەماڵەکانیان لە هەوڵ و بەدواداچووندان بە مەبەسەتی دۆخی چارەنووسیان، باڵام تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.