مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی سەردەشت لەلایەن دادگای ڕوحانییەتی ڕێژیمەوە بانگ کراوە

خۆڕاگری: مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پێشنوێژی گوندی مارەغانی سەردەشت، لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی ڕێژیمەوە لە ورمێ بانگ کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: دادگای تایبەت بە ڕوحانییەتی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پێشنوێژی گوندی “مارەغان”ـی سەربە شاری سەردەشتی ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێ ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی سەرماوەز لەو دادگایە ئامادەیی خۆی دەرببڕێ.

 مامۆستا فەتحوڵڵا، پێشتریش بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی،  لەلایەن هەمان داگای کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کرابوو و هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ساڵێ ڕابردوو، لە کاتێکدا کە بۆ گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی بەرەو ئەو شارە دەچوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە نزیک شاری ورمێ بەبێ هیچ هۆکارێ و بێ بوونی بەڵگەی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش ٢١ ڕۆژ دەسبەسەربوو، بە دانانی بارمتە تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.