ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر حەسەن بەهاری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز

خۆڕاگری: حەسەن بەهاری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سەقز، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای ١٢ساڵ بەنکردنی بەسەردا سەپێندراوە و لە ئێستادا ماوەی ٤٤مانگ لە بەندکردنەکەی تێپەڕێوە و تائیستا بە میدیایی نەکراوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر ئەندازیار “حەسەن بەهاری”، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ناوبراو لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوییەوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سەقز، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و تا ئێستا ٤٤مانگ لە ماوەی بەندکردنەکەی تێپەڕیوە و لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز ڕاگیراوە و تائێستا ئەو کەیسە بە میدیایی نەکراوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە، ئەندازیار حەسەن بەهاری، ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سەقز بانگ کراوە و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لێکراوە، پاشان بەڵێننامەیەکیان پێ پڕ کردۆتەوە و هەروەها ڕۆژی ٢٥ی مانگی جۆزەردانی هەمانساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی سەقز کراوە.
شایانی باسە کە، ناوبراو لەلایەن لقی ٣ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سەقز، هەر لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا ڕێگەیان بە بنەماڵەکەی نەداوە کە تائێستا ئەو کەیسە بە میدیایی بکرێ، بەڵام “خۆڕاگری” لە ڕێگەی سەرچاوەکانی خۆیەوە زانیاریی ڕاست و دروستی لەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییە کۆکردۆتەوە و ئێستا ئەندازیار “حەسەن بەهاری” لە سزای ١٢ساڵ بەندکردن، ٤٤مانگی تێپەڕ کردووە و لە ئێستادا لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز ڕاگیراوە.