سەپاندنی سزای ١١ساڵ بەندکردن بەسەر مامۆستایەکی زمانی کوردیدا لە سنە

خۆڕاگری: سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردیی و خەڵکی شاری سنە و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی “نۆژین” لەو شارە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە بە سەرۆکایەتیی قازی “کەرەمی” بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٠ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی تەبلیغ بەدژی حکوومەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

مامۆستا سەیوان ئیبراهیمی، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە پەروەندەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانباریی ڕێژیمەوە لە سنە، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتیی سزای ١ساڵ بەندکردنی تەعزیری، دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی و ٤٠زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا و ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، سزای بەندکردن و لێدانی قامچییەکەی لە دادگای پێداچوونەوە پەسەند کراو و سزای دوورخستنەوەکەی بۆ بەندیخانەی “دیزڵاوا”ـی کرمشان هەڵوەشایەوە.

جێێ ئاماژەیە کە، سەیوان ئیبراهیمی ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی نۆژین، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی هەمانساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.