خۆڕاگری: ناسنامەی هەشت هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی کوردستان ئاشکرا بووە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانە گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ناسنامەی هەشت هاووڵاتیی کوردی دیکەی بڵاو کردەوە کە لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباردا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست داوە و قوربانییەکان خەڵکی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئیلامن و لە چەند شارێکی دیکەش کراونەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی خۆڕاگری، زۆربەی ئەو قوربانییانە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ و ٩ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی) بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کراون و بەشی زۆری قوربانییەکان خەڵکی شاری کرماشانن و لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباردا، “تەیبە ڕەزایی”، هاووڵاتیی خەڵكی کرماشان لە گەڕەکی “شارەکی موعەلیم” بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا و هەر لەو ڕۆژەدا، “ئیلهام زەینەلی”، کە وەک سەرپەرشتیار لە نەخۆشخانەی ئیمام عەلی کاری دەکرد، فیشەکی جەنگی لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە بەر پشتی سەری کەوتووە و گیانی سپاردووە.
ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لە بەخاکسپاردنی تەرمی ئیلهام زەینەلی لە شاری کرماشان کردووە، بۆیە بنەماڵەکەی ناچار بوون لە گوندی “سەرائیلان تووەخاکی” بە خاکی بسپێرن و ڕێوڕەسمەکە لە ٢١ی بەفرانباردا لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا بەڕێوەچوو، بەڵام بەشداربووان درووشمی دژ بە دەسەڵاتیان تیادا دەوتەوە.
لە ڕووداوێکی دیکەدا لە شاری “شاباد” هاووڵاتییەک بە ناوی “ڕەزا دەروێشی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا و هەروەها ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی “حەسەن فەلاحی”، پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی گوندی “سەرائیلان”، لە شارۆچکەی “ئیلاهییە”ـی سەربە پارێزگای کرماشان گولـلەی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەر پشتی سەری کەوتووە و گیانی لەدەست دا، هاوکات “محەممەدمەهدی بەدری” لە شەقامی “تاقوەسان”ـی کرماشان بە هەمان شێوە کراوەتە ئامانج و
لە دەرەوەی پارێزگای کرماشان، چەندین هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی دیکەی ئێران کوژراون و ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، “ئارینا مرادی”، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی سەقز کە بۆ کارکردن چووبووە دوورگەی “کیش”، لەوێ بەشداری ناڕەزایەتییەکانی کردووە و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستد داوە و تەرمەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ سەقز و بە خاک سپێردراوە.
هاوکات لە شاری تاران، هاووڵاتییەک بە ناوی “محەممەد عەلی محەممەدیان”، خەڵکی گوندی “قەرەوێڵ”ـی سەر بە دیواندەرە، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا گیانی لەدەست داوە و تەرمەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ زێدی خۆی.
لەلایەکی دیکەشەوە، “سەعید تەروەند”، خەڵکی شاری “مێهران”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، ئێوارەی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار لە شاری ئابادان لە پارێزگای خووزستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم گیانی لەدەست داوە و هەروەها ئاشکرابوونی ناسنامەی ئەم هەشت هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانیی خۆیان لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە و تەقەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دژ بە خۆپیشاندەران دەربڕیوە و ئاماری قوربانییان بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

Be the first to comment