سەپاندنی سزای لێدانی قامچی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەدجەعفەر محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، دوای ئەوەیکە سکاڵای لە دوو کەس لە هێزەکانی “فراجا”ـی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، سزای لێدانی ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای ٤٠زەربە قامچیی بەسەر محەممەدجەعفەر محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنەی سەپاند.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتابووە سەرماڵی محەممەدجەعفەر محەممەدی و ئەویش بەدژی ئەو هەڵسوکەوتە سکاڵی لەسەر تۆمار کردبوون، بەڵام دەزگای لقی ١٠٧ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لە سنە، سکاڵای ناوبراوی وەکوو بێڕێزیکردن بە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە قەلەم داوە و بەو هۆیەوە سزای لێدانی ٤٠زەربە قامچیی بەسەردا سەپاندووە.