
خۆڕاگری: زانکۆ محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ۱۱ی گەلاوێژی ۱٤۰٤ی هەتاوی، زانکۆ محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “ئاڵیکەند”ــی سەربە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و دەسبەسەر کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە