دەسبەسەرکردنی ٧هاووڵاتیی خەڵکی سەرپێڵ جوانڕۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شاهۆ مورادی و قەنبەر وەیسی، خەڵکی شاری جوانڕۆ و پێنج کەسی دیکەی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەرپێڵی زەهاو، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کردووە کە بریتین لە: “محەممەد ئەلیاسی سەرزەلی، شاهۆ ئەحمەدی، کیانووش ئەخگەر، میلاد حەیدەری و ئەمیرمحەممەد ڕەنجبەر و هەروەها هاوکات شاهۆ مورادی و قەنبەر وەیسی، خەڵکی جوانڕۆشیان دەسبەسەر کردووە.

لە بەردەوامی هەڕەشە و هەڵکوتانە سەر هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە، ئەو هاووڵاتییانە لە هێرشێکی دڕەندانەی هێزێکی پێکهاتوو لە چەند ناوەندێکی جیاوازی ڕێژیم، دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها بەکرێگیراو و میدایاکانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو هاووڵاتییانە ڕێکخەری خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانن.

شایانی باسە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران، چارەنووسی و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵیان، لە بەردەستدان نییە.